پێش دوو دەیە لەمەوبەر ، زانای سەرکێش و بلیمەتی فەڕەنسی جين پيێر کریتیان - Jean Pierre chrétienکتێبێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش و نامۆی بڵاوکردەوە بەناونیشانی : نیوەی گەردونمان لە دەستداوە - Nous avons perdu la moitié de notre Univers ، ناوەندە زانستیەکانی ئەو کات توشی شۆکبوون و دۆشدامابوون ، بەڵام بێدەنگیان ھەڵبژارد و ئەو پێشنیارە زانستیە ناوازە و نامۆیەیان فەرامۆش کرد ، کە پشتی بە ڕاستیهكی زانستی دەبەست و دەیگوت : “ گەردوونی بینراو لەکاتی لەدایکبوونیدا لە ماددە و دژە ماددە پێکھاتبوو ، پێویستبوو لەھەموو شتێکدا ھاوسەنگ بن ، ھاوکات ھەریەکیان ئەویتریانی لەناو دەبرد ، بەڵام کێشەیەک ڕوویدا ، و وایکرد ڕێژەی ماددە زۆر زیاتربێت لە دژە ماددە کە تائێستا نازانین لە کوێیە “ .

بەڵام زانای فەڕەنسی ناوبراو پێشنیاری کرد و گوتی : “ گەردوونێکی دی ھەیە تەریبە بە گەردوونی بینراو بەڵام لە دژە ماددەیە ، ھاوکات ئێمە تەنھا نیوەی گەردونی بنهڕهتی دەناسین کە لە تەقینەوە مەزنەکەوە لەدایکبووە ، بەڵام نیوەکەی تری تیاچووە یان ونبووە “ . ئەمڕۆش ، لەدوای تێپەڕینی بیست ساڵ ھێشتا گرنگترین مەتەڵە لە گەردوونی بینراودا کە ھەڵنەھێنرا ، زاناکان بەردەوام لە ھەوڵداندان بۆ شیکارکردنی ئەم یان کێشەیە ئەویش گەردوونی وونبووە - Univers Manquant.
ئەمڕۆ ، زانایان پێیان وایە کە ئەم بەشە لە گەردوونی نەبینراو بەتەواوی وون نەبووە بەڵکو بەشێکی گەورە لە بارستاییەکەی وونبووە. وە ئێستاش زانایانی ماددە گەردونیەکان وای دەبینن ، کە ئەوەی تائێستا دیاریمان کردووە و ھەژمێرمان کردووە بەھۆی ئامیرەکانمان و تیلسکۆپەکانمان و کۆمپیوتەرە زەبەلاحەکانمان ، تەنھا لە %5 ی کۆی گشتی ماددەی بنەڕەتی گەردوونی بینراوە .
شتێک ھەیە بە ناڕاستەوخۆ کار لە جوڵە و گەشەی گەردوون دەکات ، زۆرجار زانایان بۆ لێکدانەوەی ماددەی ونبوو پەنایان بردووە بۆ بوونی ماددەی ڕەش - La Matière Noire - Dark Matter ، لەکاتێکا کارلێکی ماددەی ڕەش لەگەڵ واقیعی ماددی گەردوونی بینراو لاوازە ، وە ڕاستی بوونی ماددەی ڕەش زانستیەن نیە بۆیە تائێستاش بە بيردۆی ماوەتەوە ، وە ھیچ تاقیگەیەک نەیتوانیوە ماددەی ڕەش لە تاقیگەدا بەرھەم بێنێت ، وە ھەندێک لە زانایان ھۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی کێشە لە تێگەیشتنمان بۆ کێشکردن ، وە بۆئەوەی تێبگەین کە بۆچی گەردوونی بینراو ھەڵسوکەوت دەکات وەک بڵێی بڕێکی زۆر گەورەتری ماددە ھەیە لەچاو ئەو بڕەی کە دیاریکراوە ئەمڕۆ .

ھەندێک لەزانایان پەنایان بردووە بۆ بیردۆزێك کە لە فیزیادا پێیدەوترێت بیردۆزی ( گۆڕانکاری داینامیکی نیوتن - Théorie de modification de Newton Dynamics - Modified Newtonian Dynamics ) ، وەک جێگرەوەیەک بۆ ماددەی ڕەش ، ناسراوترین ئەو زانایانەش Stacy McGaugh به ڕهگهز ئهمریكی بوو ، زانستی گەردوونناسیش بەشێوەیەکی زنجیرەیی و بەدرێژایی ھەزاران ساڵ بەردەوامبووە لە گەشە ، ئەم ماوەیەش بەراورد ناکرێت بەو ماوەیەیی کە پێشینانمان بەسەریان بردووە لە ڕوانین بۆ ئەستێڕەکان و کردنیان بەخوا لهگهڵ ئهوهی تهنها تهنێكی مردوو و سهختبوون، ھەر لەسەرهتای نەشونماکردنی ئاگای مرۆڤایهتیهوه.
ئەمڕۆش زانایان بۆمانیان ڕوونکردۆتەوە کە ئەستێرەکان بریتین لە کۆبونەوەیەکی زەبەلاحی بارستایی گاز و تۆز کە کارلێک دەکەن و ئەستێرە پێکدێنن ، زانست دیدگا و تێگەیشتنی ئێمەی بۆ گەردوونی بینراو فراوانکردووە ، ئێستا لە ھەر کاتێکی دی شارەزاترین بە گەردوون ، بەڵام ھێشتا چەندان نھێنی و مەتەڵ ھەن فەرامۆشمان کردوون یان تائێستا لێیان تێناگەین . بیردۆزی گۆڕانی داینامیکی نیوتن بیردۆزێكه پێشنیاری گۆڕانکاری دەکات لە یاساکانی نیوتن بۆ ئەو تایبەتمەندیانەی لە سیستەمێکی ئەستێرەیی وەکو خۆردا ھەیە. ئەم بیردۆزه لەلایەن فیزیازانی ئیسڕائیلی مۆدریھای میلگرۆم ەوە پێشنیارکرا ، ئەم بیردۆزهش لە بنەڕەتدا دانرا بۆ ڕاڤەی خێرایی ئەستێرەکان لە گەلەئەستێرەدا لەسەر بنەمایی میکانیکی نیوتن.

ئەم بیردۆزه ناتوانێت ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات ، ئەم بیردۆزه کۆمەڵێک چەمکی ماتماتیکی زۆر ئاڵۆزی تێدایە وەک بواری ڕەش کە ھاوشێوەی ماددەی ڕەشە بەڕەچاوکردنی گۆڕانی تێکڕای کێشکردن . گۆڕانی ھەربەشێکی گەوھەری لە ڕێژەی گشتی کاردانەوەیەکی مەترسیداری دەبێت ، بەڵام ئەمەش لە مەترسی پڕبوونی گەردوونی ناباریۆنی کەم ناکاتەوە بەماددەی ڕەش کە لە پێكھاتەیەک لە تەنۆلکەی نادیار پێکدێت ، تائێستاش نازانین کە بەڕاستی بوونی ھەیە یان نا. ھەرچۆنێک بێت ئەوەی دەیزانین ئەوەیە شتێکی نادیار ھەیە لە گەردوونی بینراودا ، ئیتر بیردۆزهكهی نیوتن بێت یان ماددەی ڕەش یان ھەر شتێکی دی ، پێویستە لەسەرمان توێژینەوەی زۆر قوڵ بکەین بۆ دیاریکردنی چۆنێتی و ڕاستی ئەو شتە وونبووە.
سەرچاوە ( فهڕهنسی ) :arxiv